هەڵکشانی تاوان؛ کاتێک قەیرانی ئابووری ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە
ڕاپۆرتی ژیانەوەی کوردستان؛
لە مانگەکانی ڕابردوودا
ئاستی تاوانە داراییەکان و ڕووداوە توندوتیژەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە
ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشان کردووە. بەتایبەت دوایین سەرهەڵدانی جەنگی نێوان
ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە
کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە نەخۆشییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان
بە هەڵاوسانی بازاڕ و بێکارییەوە هەیە.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لە
شاری سنە بە ژیانەوەی کوردستانی ڕاگەیاند: «بەرزبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ڕاستەوخۆ
پەیوەندی بە فشارە ئابوورییەکان و ژیانی زۆرەملێی خێزانەکانەوە هەیە. کاتێک توانای
کڕینی خەڵک دادەبەزێت، گوشارە دەروونییەکان زیاد دەکەن و ئەوەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی
هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی لە ناو ماڵەکاندا.»
هاوکات چاودێرێکی دۆخی کۆمەڵایەتی لە
شاری سەقز بۆ ژیانەوەی کوردستان ڕوونیکردەوە «بەشێکی زۆری ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ دەبینرێن،
دەرەنجامی بێکارییەکی کوشندەیە لە ناو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. کاتێک گەنجێک هیچ
ئاسۆیەکی بۆ داهاتوو نەماوە و ناتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات، ناچار دەبێت پەنا
بۆ ڕێگەی دیکە ببات کە زۆرجار دەبێتە هۆی سەرکێشی و تێوەگلان لە تاوانی دزی یان
کوشتن و بڕین.»
شارەزایەکی بواری تاوانناسیش لە لێدوانێکدا
وتی؛ «نەشەفافییەت لە ئامارەکاندا و هەستکردن بە جیاوازی لە جێبەجێکردنی دادپەروەری،
متمانەی کۆمەڵگای لاواز کردووە. کاتێک خەڵک هەست بکەن سزاکان تەنیا بۆ چینێکی دیاریکراوە،
کاریگەریی بازدارندەیی سزا یاساییەکان لەناو دەچێت و ئەمەش وادەکات ڕێژەی تاوانەکان
لە بازنەیەکی داخراودا زیاتر ببێت.»
.
ژیلەمۆ- سنه
ڕاپۆرتدەری ژیانەوەی کوردستان
ژێـــــکاف
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
AM:01:05:25/06/2026