قەیرانی کرێنشینی لە سنە؛ کاتێک بنمیچی ماڵێک دەبێتە خەونی گەورە
ڕاپۆرتی ژیانەوەی کوردستان
شاری سنە ئەمڕۆ بەدەست قەیرانێکی قوڵی نیشتەجێبوونەوە دەناڵێنێت. بەرزبوونەوەی
بێمانای نرخی کرێ و نرخی کڕینی خانوو، هاوسەنگی ژیانی خێزانەکانی تێکداوە و بووەتە
هۆی ئەوەی چینی مامناوەند و کەمدەرامەت بەرەو پەراوێزکەوتنی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێن.
دەنگی هاوڵاتیان: نیگەرانی و بێهیوایی
ژیانەوەی کوردستان لەگەڵ بەشێک لەو هاوڵاتییانەی بەدەست ئەم قەیرانەوە
دەناڵێنن قسەی کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێن؛
"خاوەن ماڵەکان بەبێ هیچ پێوەرێک نرخی خەیاڵی دادەنێن. کاتێکیش پێیان
دەڵێین ئەم نرخە زۆرە، دەڵێن ئەگەر ناتوانن، لێرە بڕۆن."
"ماوەی دوو مانگە بەدوای ماڵێکدا دەگەڕێم، بەڵام ڕوو لە هەر لایەک دەکەم
نرخەکەی لە توانای مندا نییە، و منیش کارمەندم و ماوەی چەند مانگه حقوقم وەرنەگرتووە.
«دیوار» بووەتە شوێنێک بۆ گرانکردنی زیاتری نرخەکان."
ڕای شارەزایان: کێشەکە لە کوێدایە؟
شارەزایانی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی هۆکارەکانی ئەم قەیرانە بۆ چەند
خاڵێک دەگەڕێننەوە:
نەبوونی چاودێری: نەبوونی میکانیزمێکی یاسایی و چاودێری بەسەر پلاتفۆرمەکان
(وەک دیوار) و بازاڕی خانووبەرە، وایکردووە خاوەن خانووەکان بە ئارەزووی خۆیان نرخ
دیاری بکەن.
خراپی دۆخی ئابووری: هەڵاوسانی ئابووری وایکردووە خانووبەرە وەک کاڵایەکی
سەرمایەگوزاری سەیر بکرێت، نەک پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان.
کەمی بەرهەمهێنان: کەمی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و خێرایی زۆری شارنشینی
لە سنە، بۆشاییەکی گەورەی لەنێوان خواست و دابینکردنی خانوودا دروست کردووە.
ئاڵاـ ســنه
ژێـــــکاف
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
AM:01:03:25/06/2026