نرخی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە سنە؛ باری گران لەسەر شانی هاووڵاتییان



 

ڕاپۆرتی ژیانەوەی کوردستان

 

​سنە – لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، بەتایبەت لە بواری پزیشکی ددان لە شاری سنە، نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆری هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

 

ئێستا بۆ چارەسەرێکی سادەی وەک "دەمارکوشتن" (عەصەب‌کێشی) و پڕکردنەوەی یەک ددان، نرخەکان گەیشتووەتە نزیکەی ۱۰ ملیۆن تمەن، ئەمەش بۆ زۆرێک لە خێزانەکان بووەتە ئاستەنگێکی گەورە.

 

​دەنگی خەڵک؛ گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزاریی بیمەکان

 

هاووڵاتییان لە  سنە لەوبارەیەوە بە ژیانەوەی کوردستانیان وت؛  "کاتێک دەچیت بۆ کلینیکەکان، تێچووی تەنها یەک ددان بۆت دەکەن بە ۱۰ ملیۆن تمەن. کاتێکیش پرسیار دەکەین بۆچی بیمە نایگرێتەوە، دەڵێن ئەوە خزمەتگوزارییەکی جوانکارییە یان لەسەرووی ئاستی بیمەی بنەڕەتییەوەیە."

​کەسێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر پزیشکی ددان بۆ توێژە کەم‌دەرامەتەکان ئاسانتر بوو، بەڵام ئێستا پزیشکەکان ناچارن بەهۆی گرانیی کەرەستەی پزیشکی و کرێی کلینیکەکان، نرخەکان بەرز بکەنەوە.

 

سەرباری ئەوەی کە خەڵک داوای چاودێریی زیاتری حکوومەتی لەسەر نرخەکان دەکەن، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و گرانیی کەلوپەلەکان، هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ دابەزینی نرخەکان دیار نییە.

 

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان ناچار بن بەتەواوی واز لە چارەسەری ددانەکانیان بهێنن یان تەنها ڕوو لە کێشانی ددان بکەن، کە ئەمەش مەترسیی تەندروستیی گەورەتریان بۆ دروست دەکات.

 

ژیلەمۆـ ســنه

ڕاپۆرتدەری ژیانەوەی کوردستان

 

 

ژێـــــکاف




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:12:59:25/06/2026