ڕاپۆرتی مەیدانی لە شاری سەقز: ژیان لەژێر هەڕەشەی هەڵاوسان و بێکاری
شاری
سەقز، وەک یەکێک لە ناوەندە ئابوورییەکانی کوردستان، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی
بژێوی بووەتەوە. بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکان، بەرزبوونەوەی بێ وێنەی نرخەکان
و بێکارییەکی بێ ئامان، ژیانی زیاتر لە ۸۰٪ی دانیشتوانی ئەم
شارەی خستووەتە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێنەوە.
دۆخی
خێزانەکان:
سفرهی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە. بەشێکی زۆری هاووڵاتییان
ناچارن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخە، ژمارەی ژەمەکانی خواردنیان کەم بکەنەوە. زۆرێک
لە خێزانەکان تەنیا دەتوانن دوو ژەم خواردن لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنن کە ئەویش لە زۆربەی
حاڵەتەکاندا تەنیا خۆراکی سادەی وەک هێلکەیە.
کۆڵەکەی
بازاڕ و پەروەردە:
لە بازاڕەکانی سەقز، تابلۆی "ئەم دوکانە بە کرێ دەدرێت"
بووەتە دیاردەیەکی باو، کە نیشانەی شکست و داخستنی بەکۆمەڵی کاسبیی کارە بچووکەکانە.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی هەژارییەوە، شەپۆلێکی دڵتەزێنی وازهێنان لە خوێندن دەستی
پێ کردووە و منداڵان ناچارن بەدوای "پاروویەک نان"دا ڕوو لە کارە قورس و
نایاساییەکان بکەن.
چەند
هاوڵاتییەک لەبارەی دۆخی ژیانیان بەم جۆرە بۆ ژیانەوەی کوردستان دوان؛
کاسبکارێکی
پێشوو
"دەیان ساڵە کاسبیم دەکرد، بەڵام ئەمساڵ چیتر نەمتوانی
کرێی دوکان و تێچووی ژیان دابین بکەم. کاتێک دەبینم منداڵەکەم بەهۆی نەدارییەوە
ناچارە لە خوێندن داببڕێت و کار بکات، ئیتر مانایەک بۆ ژیان نامێنێتەوە. ئێمە تەنیا
بۆ ئەوە دەژین کە بزانین سبەی چۆن تێدەپەڕێت."
(باوکی خێزانێک):
"ڕۆژانە دەبینین نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز
دەبنەوە، بەڵام داهاتی ئێمە هەر بە شوێن خۆیەوە ماوەتەوە. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک
کە کڕینی گۆشت بۆ زۆرێک لە خێزانەکان بووەتە خەیاڵ. زۆربەی ڕۆژەکان تەنیا بە هێلکە
و نانی وشک ڕۆژ دەکەینەوە، ئەوە دۆخی ئێمەیە لەم شارەدا."
(گەنجێکی بێکار):
"هیوایەک بۆ داهاتوو نەماوە. دەرچووانی زانکۆ لە
سەقز یان بێکارن، یان ناچارن کۆڵبەری بکەن. ئەم دۆخە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو
کوشتنی ڕۆحی خەڵکە بە هۆی بێباکیی بەرپرسانەوە. چیتر خەڵک ناتوانێت ئەم گوشارە
تحمل بکات."
ئەم
ڕاپۆرتە دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکی قووڵە کە بەشێکی دانەبڕاوی دۆخی ئەمڕۆی شاری سەقز
و زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستانە، کە بەهۆی سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکان و بێباکی
بەرپرسانەوە تووشی ئەم قەیرانە بوون.
ئاسۆ - سەقـــز
ڕاپۆرتدەری ژیانەوەی کوردستان
ژێـــــکاف
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
AM:12:52:25/06/2026