واشنتن چۆن باشووری کوردستان دەبینێت

‌‌دیاركورده‌

ئاگادارییەک بۆ کوردستان ...

وتارێکی دیار کوردە ، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕوداو لە واشنتۆن: تایبه‌ت به‌ (گۆشه‌ی بیرورا ئاڵامیدیا)ی نوسیووه‌

شایانی خوێندنەوەی بە دیقەت و لێکدانەوەی وردوو تێڕامانی

قووڵە ..............

واشنتن چۆن باشووری کوردستان دەبینێت، دواین وتارم لە رووداو، ئەگەر کاتتان بیخوێننەوە

لە تەممووزی 2023، بابەتێکم نووسی بەناوی (دوایین هۆشداری ئەمریکا بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەوکات بابەتەکە کاردانەوەی زۆری هەبوو، بەڵام پێدەچێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان، ئەو هۆشدارییەیان بە جیدی وەرنەگرتبێت؛ ئەوانەی بابەتەکەیان خوێندووەتەوەو لەبیریان ماوە، دەزانن لەو نووسینەدا، رێک باسی ئەمڕۆمان کردووەو ئەوەی ئێستا دەبینین روودەدات، لەوێ هۆشداریمان دابوو، ئەو بابەتەمان لە رووداو ماوەو، دەتوانن جارێکی دیکە بیخوێننەوە، ئەگەر حەزتان کرد.
ئەم بابەتەی ئەم جارەش دەنووسم، تێکەڵەیەکە لە زانیار و شیکردنەوەی خۆم، پشتم بەستووە بەو زانیاری و گفتوگۆیانەی بە ئاشکرا و لە پشت چاوی کامێراکان و لە گفتوگۆ تایبەتەکانمدا وەرمگرتوون، هیوادارم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و روونتریش پارتی و یەکێتی باش ئەم بابەتە بخوێنەوەو بە جیدی وەریبگرن، بەلامەوە گرنگ نییە، کێ ئەم نووسینەی منی بەدڵە یان کێ بەدڵی نییە، لە بەرژەوەندی کێدایە و لە دژی بەرژەوەندی کێ یە، ئەوەی گرنگە بەلای منەوە، داهاتووی گەلەکەم و پێگەکەیەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و روونتریش لە واشنتن.دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان، زۆر بە باشی لە کات و ساتی رووداوەکان و هەلومەرجە سیاسییەکان تێبگەن، هەنگاوی جیدی بنێن تاوەکو پارێزگاری لەوە بکەن کە هەمانە و ئەو شتانەش بەدەستبێنین کە دەمانەوێن. دەبێ بزانن، یەکدی تۆمەتبارکردن و پێداگرتن لە زەوی و بە تەنیا رێکردن دادی دەردی کورد نادات. شکۆی کورد و مێژووی کورد و قوربانیدانی کورد، بە قسە و درووشم و بەیاننامەی بریقەدار ناپارێزرێت، بە کردەوە و بە قوربانیدانی سیاسی و سازشکردن بۆ یەکەدی و پێکەوە بەرەنگاربوونەوەی کێشە و ئاستەنگە گەورەکان دەپارێزرێت. دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەگەر بەم شێوە خۆخۆرییە بەردەوامبین، لەجیاتی بەرەوپێشچوون، دەبێت بگەڕێینەوە قۆناخی قوربانیدانی گەورە و ئەگەر لە سفریش دەست پێنەکەینەوە، دەبێت لە پێش سفر دەستپێبکەینەوە.

لێڵبوونی وێنەی کورد لە واشنتن

ئەگەر چەند ساڵێک بەر لە ئێستا باسی کوردت لە واشنتن کردبووایە، گوێت پڕدەبوو لە پەیڤی جوان و رازاوە، کورد قارەمانی شەڕ و دۆستی بەهێزی ئەمریکابوون لە ناوچەکە، بەغدا شەقامەکانی هەموو گوڵڕێژکردبا، هەولێر هەر دۆستە نازدارەکەی واشنتن بوو لە عێراق، بە دەگمەن کەسێکت دەبینی گلەیی لە کورد و سیاسەتی کورد لە واشنتن بکات، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین، یان باسی کورد هەر ناکرێت، یاخود کە باس دەکرێت، هەندێکیان رەخنەمان لێدەگرن و ئەوانەش کە بە باشە باسمان دەکەن، بە دەنگی نزم باسمان دەکەن، یانیش شتێکیان لەبارەی کوردەوە لە مێشکدا چەقیوە و هەر ئەوە دووبارە دەکەنەوە.

ئەمە زانیارییە، لەم دواییە شۆکبووم کە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و تەنانەت ئەندامێکی کۆنگرێسیش گفتوگۆم دەکرد. من پێشترراهاتبووم، هەر کە بڵێم کوردم و خەڵکی هەرێمی کوردستانم، ئیدی بە شان و باڵماندا هەڵبڵێن، بەڵام لەم دواییە ئیدی هێندە گوێم لە گلەیی دەبێت، هێندە گوێم لە نالۆجیکی بوونی کورد لە بەغدا و واشنتن دەبێت، گوێم لەو شتە باشانە نابێت کە پێیان راهاتبووم، ئێستا وێنەی کورد لە واشنتن خەریکە لێڵ دەبێت و بەوشێوەیە بڕوات، ئیدی لێڵییەکەش بەتەواوی دەشێوێت و هەر نامێنێت، بەڵام هێشتا دەرفەتێکی زۆر ماوە تاوەکو کورد پەڕۆکێک بە شووشەی سەر ئەو وێنەیەدا بهێنێت و روونی بکاتەوە. ئەگەر ئەوە نەکەن، دەبێ چەند ساڵێکی دیکە بگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەکەم.هەر قسەی گەورە ناکەم، بەڵکو بەشێکی هۆکارەکانتان بۆ باس دەکەم، ئەوانەی کە باسیان دەکەم بەشێکی قسەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکان، قسەی دۆست و دڵسۆزانی کوردن، کە هەر ئەم هەفتەیە یەکێک لەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە زۆر دڵسۆز و دۆستی کوردە، گوتی تکایە ئەو پەیامەم بگەیێنە بەرپرسانی کوردستان ''حکومەت پێکبێنن و سازش بۆ یەکتر بکەن، پەرلەمان کارابکەنەوە و لەوە زیاتر زیان بە قەوارەکەتان نەگەیێنن''. ئاممان گوێیان لێبگرن، با ماڵمان وێران نەبێت.
خەتای من نییە، ئەی خەتای کێیە؟

لەم ماوەیەدا، بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کورد و کوردستان، چوومە کۆنگرێس، دەمویست لێدوان لە ئەندامانی کۆنگرێس وەربگرم، باوەڕبکەن یەک ئەندامیشم نەدۆزیەوە ئاگاداری پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە کوردستان بێت، گەڕام بە دوای ئەو ئەندامانەی کە لە گرووپی دۆستایەتی کوردن لە کۆنگرێس، بە دۆکیومێنت و ڤیدیۆ لەلامە، یەک ئەندامیشم نەدۆزییەوە ئاگاداری ئەوەبێت چی لە کوردستان دەگوزەرێت، هیچ ئەپدەیتێکی پرسی کورد و کێشەی کوردیان لەلانەبوو، لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ناوچەکەی ئێمەبوون.

ئەو گرووپی دۆستایەتییەی کورد کە لە ساڵی 2008 لە کۆنگرێسی ئەمریکا دامەزراوەو نزیکەی 30 ئەندامی هەبوو، ئێستا کەس نازانێت چەند ئەندامی ماوەو ئەو گرووپە ماوە یان نا، دەبێت ئەوەش بڵێم: ساڵانە ملیۆنان دۆلار لە هەرێمی کوردستانەوە بە ناوی لۆبی و بایەخدان بە پرسی کورد دێتە واشنتن و خەرج دەکرێت، ئەمەش ئەنجامەکەیەتی.

لەم دواییەدا، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە پێیگوتم، دەزانی کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن چەند گرووپێکی جیاوازەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، هەر گرووپێکیان بە جیا دێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسەکانی دیکە کۆدەبێتەوە، هیچ لایەکیشیان حەزناکات لاکەی دیکە بزانێت بۆ هاتوون و باسی چی دەکەن، نە نوێنەرایەتی نوێنەرایەتی هەموولایەک دەکات، نە ئەوانیش نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن، لە کۆبوونەوەکانیش هێندە هەوڵی جوانترکردنی لایەنەکەی خۆیان دەدەن، هێندە خاوەن ڤیژن و بەرنامەی هاوبەش نین، دەزانن گوتی چی، گوتی: وادەزانن وەزارەتی دەرەوەو حکومەتی ئەمریکا گەمژەن و هیچ نازانن؟ ئەمە جاری یەکەم نییە کە ئەم قسەیەم گوێ لێدەبێت، بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوە، چونکە لە حکومەت نەماوە، روونتر قسەی بۆ کردم و بە سەرسامییەوە گوتی، دەزانی یەکێک لەو گرووپانە کە هاتن لەگەڵمان کۆبوونەوە، پێیگوتین، با ئەوانی دیکە نەزانن کۆبووینەتەوە. لە کوێی دونیادا ئەمە هەیە، کام وڵاتی بێسەروبەر ئەمە دەکات، ئەی هاوار بۆ وادەکەن، خەتای هەمووتانە، خەتای یەکێتی و پارتی یە، خەتای بەرپرسانی یەکێتی و پارتی یە. ئەم رەفتارە بەردەوامبێ، دڵنیابن قوڕ دەگرنەوە بۆ میللەتەکە و دەبێت لە کۆتایشدا هەر قوڕ بپێوین، کەستان براوەنابن، هەمووتان دەدۆڕێن.

چارەسەر ئاسانە، نوێنەرایەتییەک بنیاد بنێن، نوێنەرایەتی هەمووتان بکات، هەموو دوو ساڵ، دوو ساڵ کەمە، چوار ساڵ جارێک نوێنەر بگۆڕن، دەزانم ئێمە ناتوانین وەک باڵیۆزی وڵاتان کەسێک لە کوردستان بنێرین، بەڵام ئەو ئەمریکایە بەشی 50 ساڵی دیکە کوردی زیرەک و لێهاتووی لێ یە کە خاوەن وڵاتینامەی ئەمریکی و مۆڵەتی کارکردنن لە ئەمریکا کە بتوانێت بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی کوردستان بکات. بۆچی دەبێت دەیان ساڵ یەک دوو کەس لە هەمان پۆست بن. ئەگەر پرسەکە دۆزی کوردە، خەڵک زۆرە، بەڵام ئەگەر متمانە و کەسانی دڵسۆز بۆ لایەن و کەسێکە ئەوەیان خۆتان باشتر دەزانن.


AM:11:12:17/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌